٢٧ تشرینی دووەم ٢٠١٦ - ١٢:٢٥
بکوژى سەرەکى مامۆستا ئاینییەکەى هەولێر دەستگیرکرا

ئەمڕۆ ئاسایشی ھەولێر بڵاویکردەوە، کە ھاوکار و بکوژی مامۆستا ئاینییەکەی ھەولێریان دەستگیرکردووە.

ئاسایشى هەولێر: بکوژى سەرەکى مامۆستا ئاینییەکەى هەولێرمان دەستگیرکردووە

ئەمڕۆ ئاسایشی ھەولێر بڵاویکردەوە، کە ھاوکار و بکوژی مامۆستا ئاینییەکەی ھەولێریان دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی ئاسایشی ھەولێردا کە وێنەیەکی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی  نێرداوە و تیایدا ھاتووە "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد و فراوان لەسەر ڕووداوی شەھیدکردنی  دکتۆر ھۆشیار ئیسماعیل تیمی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ھەولێر توانیویەتی چەند سەرەداوێکی دەست بکەوێت".

ئاسایشی ھەولێر ئەوەشی وتووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ توانیمان بکوژی سەرەکی و ھاوکارەکەی دەستگیربکەین، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە".
ئاشایشی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە پێناوی ئاشکرابوونی ڕەھەندەکانی ئەم تاوانە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و گشت ڕەھەندە یاساییەکان گیراونەتەبەر.

شەوی ٢٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ھۆشیار ئیسماعیل مامۆستای ئایینی بانگخواز، لە ماڵەکەی خۆیدا بەفیشەک بریندارکرا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، دواتر کاردانەوەی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەدوای خۆیدا ھێنا و کردەوەکەیان ئیدانە کرد.
ھۆشیار ئیسماعیل مستەفا، بانگخواز و مامۆستای ئایینی لە ساڵی ١٩٧٦ دا لەدایکبووە و خاوەنی پێنج منداڵە بووە بەناوەکانی (ئیسرا، نزا، سەنا، ئەحمەد و مەریەم) و لە ساڵی ١٩٩٩ دا ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٠٣ کۆلیژی شەریعەی تەواو کردوە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٧ ماستەر و ساڵی ٢٠١٣ دکتۆرای لە تەفسیردا بەدەستھێناوە، ماوەی ١٣ ساڵ وتاربێژ بووە.